Friday, April 8, 2011

PDKÎ êrîşa ser kampa Mucahidîn Xelq şermezar kir

راگه‌یه‌ندراوی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ هێرشكردن بۆ سه‌ر كه‌مپی ئه‌شره‌فی موجاهیدینی خه‌ڵكی ئێران
 
19-01-1390
به‌ پێی هه‌واڵ و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵكی ئیران، به‌ره‌به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی، 19ی خاكه‌لێوه‌ی 1390 هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به‌ 8 ی ئاوریلی 2011ی زایینی، یه‌كه‌یه‌كی سوپای عێراق هێرشی كردۆته‌ سه‌ر دانیشتووانی كه‌مپی ئه‌شره‌فی ڕێكخراوی موجاهیدین له‌ پارێزگای دیاله‌ی عێراق و، بێ‌به‌زه‌ییانه‌ داویاننه‌ته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ و له‌ ئاكامدا ده‌یان كه‌سیان لێ كوشتوون و بریندار كردوون.
ئه‌و هێرشه‌ی هێزه‌كانی سوپای عیراق بۆ سه‌ر كه‌مپی ئه‌شره‌ف له‌ حاڵێكدایه‌، كه‌ دانیشتوانی ئه‌م كه‌مپه‌ به‌ ئاگاداریی حكوومه‌تی عێراق له‌و شوێنه‌ نیشته‌جێن و پاراستنی گیان و دابینبوونی ئه‌منییه‌تیشیان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراقه‌، بۆیه‌ ناتوانێ پاساوهه‌ڵگر بێ و وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی دژی مرۆڤایه‌تی سه‌یر ده‌كرێ كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی لێی بێده‌نگ نه‌بێ.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ئه‌م كرده‌وه‌ی ئه‌رته‌شی عێراق به‌ پێشێلكردنی ئاشكرای مافی مرۆڤ ده‌زانێ و مه‌حكوومی ده‌كا و، له‌ هه‌مانكاتدا، وێڕای ده‌ربڕینی هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵكی ئێران، سه‌ره‌خۆشی له‌و ڕێكخراوه‌یه‌ و بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ ده‌كا و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر بۆ برینداره‌كان ده‌خوازێ و، داوا له‌ كۆڕو كۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ردۆسته‌كان و به‌تایبه‌تی له‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كا كه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ی سوپای عێراق و بۆ دابینكردنی ئه‌منییه‌تی گیانیی دانیشتووانی كه‌مپی ئه‌شه‌ره‌ف، هه‌نگاوی به‌په‌له‌ هه‌ڵێنێته‌وه‌.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ده‌فته‌ری سیاسی
19ی خاكه‌لێوه‌ی 1390ی هه‌تاوی
8ی ئاوریلی 2011ی زایینی

No comments: