Tuesday, August 24, 2010

گرانی و بێكاری ئێرانی داگرتووه‌

سزا ئابووریه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خه‌ڵكی ئێران توڕه‌تر ده‌كه‌ن

گرانی و بێكاری ئێرانی داگرتووه‌

ئازاد كوردی‌

تا دێ‌ گه‌مارۆ و سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ سه‌ر ئێران زیاتر ده‌بن ‌و به‌مه‌ش ئه‌و ولاَته‌ تووشی‌ قه‌یرانی‌ قووڵی‌ ئابووری‌ بووه‌ته‌وه‌. چاودێرێكی‌ سیاسی‌ كورد ده‌ڵێ‌ "ده‌بێ‌ حكومه‌تی‌ ئێران وا سیاسه‌ت بكات كه‌ نه‌چێته‌ پێشوازی‌ بایكوت ‌و گه‌مارۆكان".

له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ، ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ گوماناوییه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، چواره‌مین بڕیارنامه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ زیاتركردنی ئابڵۆقه‌ ئابوورییه‌كان دژی‌ ئه‌و ولاَته‌ ده‌ركرد، له‌مانگی‌ ته‌مموزیشدا یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا ئابلۆقه‌ی زۆر تووندی‌ به‌رامبه‌ر ئێران راگه‌یاندن. ئه‌م سزایانه‌ زۆرتر باری‌ وزه‌و گازی‌ ئێران‌و سیستمی‌ بانكی‌ ئه‌م ولاَته‌ له‌خۆده‌گرێت، یه‌كه‌مین جاره‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا سزا و بایكۆتی‌ وا قورس به‌رامبه‌ر ولاَتێك ده‌رده‌كات. دواتریش ولاَتانی‌ كه‌نه‌دا، ئوسترالیا و ژاپۆنیش سزای‌ یه‌كلایانه‌یان دژی‌ ئێران راگه‌یاند.

هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌ماڕۆیانه‌دا كاربه‌ده‌ستانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌ڵێن، ئه‌م سزا نێوده‌وڵه‌تییانه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر پیشه‌سازی‌ نه‌وت‌و غازو به‌گشتی‌ وزه‌ی‌ ئێران نابێت، به‌لاَم له‌م ماوه‌ كورته‌دا كه‌ سزا و بڕیاری‌ نوێ‌ دژی‌ ئێران دراون، قه‌یرانی‌ ئابووری‌ ئێران قووڵتر بووه‌، گرانی‌‌و هه‌لاَوسانی‌ ئابووری‌ زۆر بووه‌و سه‌رمایه‌دانان‌و پرۆژه‌ گه‌وره‌كان راوه‌ستاون. بۆ نموونه‌ نرخی‌ به‌نزین له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند قات زیاتر بووه‌. له‌م نێوه‌دا خه‌ڵكی‌ ئێران به‌گشتی‌ نیگه‌رانی‌ ژیان‌و داهاتوویانن و ترسیان له‌تێكچوونی‌ دۆخی‌ ولاَت هه‌یه‌.

حاسل داسه‌، چاودێری‌ سیاسی‌ و نوێنه‌ری‌ پێشووی‌ شاری‌ پیرانشار له‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران راگه‌یاند، ده‌بێ‌ حكومه‌تی‌ ئێران وا سیاسه‌ت بكات كه‌ نه‌چێته‌ پێشوازی‌ بایكوت و گه‌مارۆكان "ده‌بێ‌ سیاسه‌تمه‌داران به‌جۆرێك هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن دونیا ئه‌و هه‌سته‌ نه‌كات یان ئه‌و جۆره‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئێران هه‌بێت كه‌ ئێران له‌به‌رامبه‌ر جیهاندا راوه‌ستاوه‌. بۆیه‌ ده‌بێ‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ نێودوڵه‌تی‌ و ده‌وڵه‌تانی‌ دونیا بگونجێنێ ".

ئه‌و سزا نێوده‌وڵه‌تییانه‌ هه‌مووی‌ به‌ حیسابی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران ته‌واو ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی‌ چینی‌ هه‌ژار. عه‌بدوڵلاَ سوهرابی‌، نوێنه‌ری‌ پێشووی‌ شاره‌كانی‌ مه‌ریوان‌و سه‌ولاَوا له‌په‌رله‌مانی‌ ئێران ده‌ڵێت سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژی‌ ئێران كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵك داناوه‌ و گوتی‌ "ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ ئێران و كوردستاندا ده‌بینین". سوهرابی‌ پێداگری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ گه‌مارۆكانی‌ ئه‌م دواییانه‌ دژی‌ ئێران كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئابووری‌ و ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ داناوه‌ و خه‌ڵكی‌ رۆژهه‌لاَتی‌ كوردستان شان به‌شانی‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌ی‌ ئێران رووبه‌رووی‌ ئه‌م گوشارانه‌ بووه‌ته‌وه‌.

حاسل داسه‌، به‌راشكاوانه‌ گوتی‌، نابێ‌ هه‌ڵسووكه‌وت و كاری‌ سیاسه‌تمه‌داران كاریگه‌ری‌ خراپیشی‌ بۆ خه‌ڵك هه‌بێت "به‌داخه‌وه‌ سزاو بایكوته‌كانی‌ سه‌ر ئێران كاریگه‌رییه‌كانی‌ خراپی‌ ئابوورییان له‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌یه‌‌و له‌م دوو مانگه‌ی‌ دواییدا هه‌م له‌سه‌رتاسه‌ری‌ ئێران و به‌تایبه‌تیش له‌كوردستانیش كاریگه‌رییه‌كه‌ به‌ روونی‌ دیاره‌".

ئه‌و گه‌مارۆ ئابووریانه‌ پتر بواری‌ سووته‌مه‌نی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، نرخی‌ سووته‌مه‌نی‌ به‌ رێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو زیادیكردووه‌، بۆ نمونه‌ نرخی‌ یه‌ك لیتر به‌نزین گه‌یشتووه‌ته‌ 400 تمه‌ن‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ‌ بگاته‌ 800 تمه‌ن.

داسه‌ ده‌ڵێت "نرخی‌ هه‌موو شتێك زیادی‌ كردووه‌و گرانی‌ زۆر به‌رچاوه‌، توانایی‌ كڕینی‌ خه‌ڵك دابه‌زیوه‌، بێكاری‌ زۆرتر بووه‌، ئه‌و كار و چالاكی كه‌رتی‌ تایبه‌ت كه‌متر بووه‌ته‌وه‌، بودجه‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و خوزمه‌تگوزاری‌ زۆر كه‌م بووه‌، ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر گه‌شتوگوزاریش هه‌بووه‌".

به‌ بڕوای‌ داسه‌ ئه‌و گوشاره‌ ئابوورییه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر باری‌ كۆمه‌لاَتی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و ئێرانیش ده‌بێ‌ "ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئابووری‌ نه‌دات، گوشاری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت زیاتر ده‌بێت‌و رێژه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌ زۆرتر خۆی‌ ده‌رده‌خات".

كاربه‌ده‌ستانی‌ ئێران به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌و گه‌مارۆ و سزا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر باری‌ ئابووری‌ خه‌ڵكی‌ ئێران نابێ‌، به‌لاَم حاسڵ داسه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ كاربه‌دستانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌حمه‌دینه‌ژاد ده‌یده‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینم". داسه‌ گوتیشی‌ "له‌هه‌موو شوێنێكی‌ گشتی‌، له‌ناو ئۆتۆمبێل، ته‌كسی‌، میترۆ، زانكۆ، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان باسی‌ پرسی‌ ئابووریی‌و گرانی‌ ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت له‌پرسه‌‌و سه‌ره‌خۆشی‌ و شاییه‌كانیشدا باس هه‌ر باسی ئه‌م كێشه‌یه‌".



No comments: